02/08/2016
ئەو كەسانەی كە دەیانەوێ چیرۆكی جەمەدانی سوور بزانن كە سەرۆك مەسعود بارزانی دەیبەستێ، لێرەدا پرسیارێكی گۆڤاری گوڵان و وەڵامی سەرۆك بارزانی لە ساڵی 2010، دەخەينەڕوو.
* هەمیشە سەرۆكی كوردستان بە جلی پێشمەرگە و جەمەدانێی سوورەوە دەبینین، مەبەست لەم جلە خاكییە پێشمەرگانەیە و ئەو جەمەدانێیە سوورە لای سەرۆك چییە؟
- لە رابردوودا لە دەڤەری بارزان پیاوان (مشكی)یان دەبەست، بەڵام جەمەدانێ زۆر كەم بوو، پێموابێت هەر بوونی نەبوو، تەنها مشكیی رەش و شین و سوور هەبوو، لەساڵی 1931 كاتێك حكومەتی عێراقی و سوپای بەریتانی هێرشیان كردە سەر دەڤەری بارزان، دوای بەرەنگارییەكی توند بەناچاری بارزان چۆڵ كرا، بۆیە شێخ ئەحمود و باوكم و سەرجەمی هۆزەكەمان چوون بۆ توركیا، لەوكاتەدا لەبەرئەوەی جەمەدانێی شێخ ئەحمەد رەنگی سوور بوو، بۆیە حكومەتی عێراقی پێیوابوو هەر بارزانییەك جەمەدانێی سووری بەستبێت، ئەوا لە موریدانی شێخ ئەحمەدە، بۆیە بڕیارێكی عورفییان دەركرد بەوەی هەر كەسێك جەمەدانێی سوور ببەستێ، لەیسێدارە دەدرێت، خەڵكیش ئاگادار كرایەوە كە نابێت مشكیی و جەمەدانێی سوور لەسەر ببەستن، بەڵام خەڵكی بارزان بەرەنگاری ئەم بڕیارە بوونەوەو ئەم بەرەنگاربوونەوەیە وەكو شۆڕشێك بوو، ئەوەبوو شوانێك دەستگیر كرا كە جەمەدانێی سووری بەستبوو، رژێم هەر بەو جەمەدانێیە ئەو شوانەی خنكاند، ئەمە بووە هۆی راپەڕینی خەڵكەكە و پەلاماری قائیمقامیەت و بارەگای فەوجی سوپا درا، لە كاردانەوەی ئەمەشدا حكومەت 12 كەسی لە بارزانییەكان دەستگیر كرد و لەسێدارەی دان، ئیتر لای خەڵكی دەڤەری بارزان وای لێ هات ئەوەی جەمەدانێی سوور نەبەستێت مانای ئەوەیە ملكەچی ئیرادەی دوژمن بووە، واتە دەستبەرداری بیرو باوەڕی خۆی بووە، بۆیە جەمەدانێی سوور بووە سیمبولی بەرەنگاربوونەوەو، پیرۆزیی ئەم جەمەدانێیە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆیە جلی پێشمەرگە و جەمەدانێی سوور دوو سیمبولی بەرەنگاربوونەوەن، بۆیە هەردووكیان پیرۆزن.